رێبازه‌كانى ته‌صه‌ووف له‌ ژێر تيشكى قورئان و سوننه‌تدا

    له‌ رێبازى ته‌صه‌ووفدا هاتووه‌ كه‌ (الطُرق إلى الله بعدد أنفاس الخلائق)(1) ، واته‌ : رێبازو ته‌ريقه‌ت بۆ  ناسينى په‌روه‌ردگار ، له‌ زۆريدا به‌ زماره‌ى هه‌ناسه‌ى دروستكراوه‌كانيه‌تى .. ئه‌مه‌يش بێگومان هيچ دژايه‌تييه‌كى نييه‌ له‌ ته‌ك ئه‌و راستييه‌دا كه‌ رێگه‌ى راست ته‌نها  يه‌ك  رێگايه‌و خواى گه‌وره‌ ناوى بردووه‌ به‌ (الصراط المستقيم ) .
چونكه‌ تێرِاى ئه‌و رێبازه‌ ته‌صه‌ووفيانه‌ (الطرق الصوفية) كۆمه‌لَه‌ روبارێكن وهه‌لَقولَاوى ده‌رياى شه‌ريعه‌تى ئيسلامن ، وه‌ يه‌ك راسته‌ ريِگه‌ پێكدێنن كه‌ (الصراط المستقيم ) ،
هه‌ر وه‌ك چۆن زانايانى فيقهى ئيسلامى هه‌ندێ جياوازييان هه‌يه‌ له‌ بۆچونه‌كانياندا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ بابه‌تى فيقهى وه‌ ئه‌و جياوازيانه‌ش ره‌حمه‌تن به‌ ئوممه‌تى ئيسلام وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رمويه‌تى (إختلاف أمتي رحمة) له‌ ريوايه‌تێكى تردا (اختلاف أصحابي رحمة) له‌ رسوايه‌تێكى تردا (اختلاف العلماء رحمة) (2) وه‌ به‌هۆي ئه‌و جياوازى بيرو بۆچون و ئيجتيهاداتانه‌يانه‌وه‌ جه‌ندين مه‌زاهيبى فيقهى راست دروستبووه‌و ، هه‌روه‌هايش ئه‌و جۆره‌ جياوازيه‌ى كه‌ له‌ نێوان هه‌ندى له‌ رێبازه‌ ته‌صه‌ووفيه‌كاندا هه‌يه‌ ، وه‌ك رێبازى نه‌قشبندى و قادرى و سوهره‌وه‌ردى و روفاعى و ...هتد ، جياوازييه‌كى روكه‌شييه‌و له‌ روى ئيجتيهاده‌وه‌يه‌ و هه‌موو ئه‌و رێبازانه‌يش ئامانجيان له‌ كۆتاييدا هه‌ر يه‌ك ئامانجه‌ كه‌ بريتييه‌ له‌ گه‌ياندنى رێبواران و موريدانى رێگه‌ى راست (الصراط المستقيم) به‌ ره‌زامه‌ندى په‌روه‌ردگار (جل جلاله) وه‌ به‌لَگه‌يش له‌ سه‌ر زۆرى رێبازو ته‌ريقه‌ت بۆ لاى خودا زۆره‌ له‌وانه‌ :

1ـ له‌ سوره‌تى (فاتحة) دا باش  ئايه‌تى (إهدنا الصراط المستقيم) ئایه‌تى (صراط الذين أنعمت عليهم) هاتووه‌ ، كه‌ ته‌عبيره‌ له‌و راستييه‌ى كه‌ باسمان كرد ، كه‌ بێگومان ئه‌وانه‌ى خواى گه‌وره‌ نيعمه‌تى ئيمانى به‌ سه‌ردا رژاندوون زۆرن له‌ نمونه‌ى پێغه‌مبه‌ران و راستگۆيان و شه‌هيدان و صالَحان و ئه‌وانه‌يش ره‌فاقه‌تى صالَحان و دۆستانى خودا ده‌كه‌ن ، وه‌ك ئايه‌ته‌كه‌ى سوره‌تى (النساء) بۆمان نومايان ده‌كات (َمَنْ يُطِعْ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُوْلَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنْ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُوْلَئِكَ رَفِيقًا) [النساء (69)] ئه‌م كۆمه‌لَانه‌ له‌ روى جۆرى كۆشش و ناو نازناوه‌وه‌ جياوازن به‌لَام له‌ يه‌ك حه‌قيقه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌يان گرتووه‌ .

2ـ  ئايه‌تى پيرۆزى ( إِنَّ هَذِهِ تَذْكِرَةٌ فَمَنْ شَاءَ اتَّخَذَ إِلَى رَبِّهِ سَبِيلاً) [ المزمل(19)] [ الإنسان(29)] كه‌ (سبيلا) به‌ (نكرة) و ناديار هاتووه‌ ، واته‌ : هه‌ر رێگايه‌ك كه‌ تۆ بگه‌ێنێت به‌ رێگه‌ى راس و ره‌زامه‌ندى خودا .

3ـ ئايه‌تى پيرۆزى ( وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِێنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ ) [ العنكبوت(69)] وه‌ ئايه‌تى پيرۆزى (وَمَا لَنَا أَلاَّ نَتَوَكَّلَ عَلَى اللَّهِ وَقَدْ هَدَانَا سُبُلَنَا وَلَنَصْبِرَنَّ عَلَى مَا آذَيْتُمُونَا وَعَلَى اللَّهِ فَلْێتَوَكَّلْ الْمُتَوَكِّلُونَ)[ أبراهيم(12)] ، كه‌ له‌ هه‌ر دوو ئايه‌ته‌كه‌دا ووشه‌ى (سُبُلَنا) ى به‌كار هێناوه‌ ، واته‌ : رێگاكانمان ، ئه‌گه‌ر ته‌نها يه‌ك رێگا هه‌بوايه‌ بۆ ناسينى خودا  ده‌يفه‌رمو : (لنهدينهم سبيلنا) .
3ـ هه‌روه‌ها خواى گه‌وره‌ له‌ ئايه‌تێكى تردا (سُبُل السلام) ى به‌كارهێناوه‌ ، واته‌ : رێگاكانى ئاشتى ، ياخود ئه‌و رێگايانه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر په‌يرِه‌وى هه‌ركاميانت كرد ده‌تگه‌ێنێته‌ ئاشتى و به‌هه‌شتى به‌رين ،وه‌ له‌ كۆتايى ئايه‌ته‌كه‌دا ئه‌و رێگا راستانه‌ى به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ (الصراط المستقيم) كه‌ سه‌ر چاوه‌ى هه‌موويانه‌ ، وه‌ك ده‌فه‌رمۆێت (قَدْ جَاءَكُمْ مِنْ اللَّهِ نُورٌ وَكِتَابٌ مُبِينٌ *  يَهْدِي بِهِ اللَّهُ مَنْ اتَّبَعَ رِضْوَانَهُ سُبُلَ السَّلاَمِ وَيُخْرِجُهُمْ مِنْ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِهِ وَيَهْدِيهِمْ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ ) [ المائة (15ـ16) ]
4ـ هه‌روه‌ها ئايه‌تى پيرۆزى (وَلِكُلّ وِجْهَةٌ هُوَ مُوَلِّيهَا فَاسْتَبِقُوا الْخَيْراتِ) [ البقرة (148) ] ديسان ئه‌و راستييه‌ مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت ، كه‌ گرنگ پێشبرِكێكردنه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چاكه‌ له‌ هه‌ر رێگايه‌كى دروسته‌وه‌ بێت .
5ـ ئايه‌تى پيرۆزى (لِكُلّ جَعَلْنَا مِنْكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجًا ) (المائده‌) (48) شێخ (ابن تيميه‌ ى حه‌رانى) ده‌لَێت : (شرعه‌) بريتييه‌ له‌ (شه‌ريعه‌ت) ، (منهاج) يش بريتييه‌ له‌ (ته‌ريقه‌ت ) ، وه‌ مه‌به‌ستيش له‌مانه‌ بريتييه‌ له‌ (حه‌قيقه‌ت ) واته‌ حه‌فيفه‌تى ئاين و ئيسلامه‌تى " (3)
6ـ هه‌روه‌ها فه‌رموده‌ى پيّغه‌مبه‌ر (د.خ)( أصحابي كالنجوم بأيهم إقتديتم إهتديتم )(4) كه‌ له‌ راستيشدا هه‌ر يه‌ك له‌و رێبازه‌ ته‌صه‌ووفيانه‌ له‌ ريشك و بنه‌رِتدا زنجيره‌ى رابه‌رانيان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر يه‌كێك له‌و هاوه‌لَه‌ به‌رزانه‌ى حه‌زره‌ت (د.خ) ، به‌ نمونه‌ ته‌ريقه‌تى نه‌قشبه‌ندى سيلسيله‌كه‌ى ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر حه‌زره‌تى (أبو بكر الصديق) (رضي الله عنه )،وه‌ ته‌ريقه‌تى قادريش سيلسيله‌كه‌ى ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر حه‌زره‌تى (علي) (كرم اجوجهه) .

     بۆيه‌ ده‌كرێت بلَێن : راسته‌ ته‌ريقه‌ته‌كان له‌ رووى روالَه‌ت و ناوه‌وه‌  جياوازيان هه‌يه‌يه‌ به‌لَام له‌ ناوه‌رۆك  و حه‌قيقه‌ت و جه‌وهه‌ردا هيچ جياوازييه‌كيان نييه‌و هه‌موويان كار ده‌كه‌ن له‌ پێناو وه‌ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى خودا و گه‌ياندنى موريد به‌ ناسينى په‌روه‌ردگارو په‌يرِه‌وكردنى له‌ شا رێبازى شه‌ريعه‌تى ئيسلام .
به‌نمونه‌ :
ته‌ريقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له‌ سه‌ره‌تادا زياتر گرنگى به‌ دڵ و ده‌روون ده‌دات ، به‌و واتايه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر (دڵ) ئيصلاح بوو تێكرِاى مرۆڤ له‌ هه‌ستياره‌كان و په‌ل و پۆى ئيصلاح ده‌بێت ، چونكه‌ دڵ پايته‌خته‌و په‌ل و پۆيش شۆێن كه‌وتوى ئه‌ون ،
به‌لَام ته‌ريقه‌تى قادرى له‌ سه‌ره‌تادا زياتر گرنگى ده‌دات به‌ ئيصلاح كردنى روكه‌ش و زاهيرى مرۆڤ له‌ هستياره‌كان و په‌ل و پۆ ، به‌و پێيه‌ى كه‌ نه‌فسى مرۆڤ  ياخييه‌و  ئه‌گه‌ر  روالَه‌ت و زاهيره‌كه‌ی شكا ناوه‌وه‌يشى له‌ په‌ل و پۆ ده‌كه‌وێت ،
ئه‌م بۆچونانه‌ هه‌ردووكيان راستن و سه‌لمێنراون به‌ به‌لَگه‌ى دروست له‌ قورئان و سوننه‌ت ، وه‌ دوو ئيجتيهادى به‌ روالَه‌ت له‌ يه‌ك جياوازن به‌لَام به‌ جه‌وهه‌ر و واتا يه‌ك ئامانجيان هه‌يه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌كردنى مرۆظه‌ له‌ هه‌ر دوو رووى ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ى خودى مرۆڤه‌كه‌ ، له‌ پێناو به‌ ئه‌نجامگه‌ياندنى فه‌رمانى خودا له‌ ئايه‌تى پيرۆزى (وَذَرُوا ظَاهِرَ الإِثْمِ وَبَاطِنَهُ إِنَّ الَّذِينَ يَكْسِبُونَ الإِثْمَ سَيُجْزَوْنَ بِمَا كَانُوا يَقْتَرِفُونَ) (الأنعام (120) .(5)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه‌كان :
(1) بنوارِه‌ : الطبقات الصوفية لأبي عد الرحمن السلمي ص 472 ، الأنوار القدسية في بيان آداب العبودية للأمام عبد الوهاب الشعراني ج 1ص87]
(2) بنوارِه‌ : فيض القدير شرح الجامع الصغير للمحدث المناوي ج 1 ص211 ، تفسير روح المعاني للألوسي ج 4ص24  
(3) بنوارِه‌ : مجموع فتاوي ابن تيمية فصل في بيان (الشريعة والطريقة والحقيقة)ج 2ص489.
(4) بنوارِه‌ : المطالب العالية للحافظ العسقلاني برقم (4193) .
(5) بۆ زياتر شاره‌زايى بنواره‌ : جيهادى ئه‌هلى ته‌صه‌ووف حسن خالد موفتى ل 59-63 .

***   ***   ***